بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە باڵیۆزى پاکستان لە عێراق کرد
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ى ئابی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە محەمەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزى پاکستان لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکە باڵیۆزی پاکستان خۆشحاڵیی خۆى بە سەردانەکەی بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕی و ئاماژەى بەو پێشکەوتن و ئارامییە دا کە لە هەرێمى کوردستان بوونى هەیە، کە هۆکارێکە بۆ بەرەوپێشچوونى زیاتری پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا، بە تایبەت لە بوارى بازرگانى و دەرفەتى وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى پاکستان.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند کە "حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە فراوانکردنى ئاستى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتان" و هیواى خواست ئەم جۆرە کۆبوونەوانە ببنە هەنگاوى زیاتر بۆ پێشوەچوونى پەیوەندیى دوولایەنە لە بوارەکانى ئابوورى و بازرگانى.
دوایین بارودۆخى سیاسیی عێراق و هەرێمى کوردستان و پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرانبەر پرسە هەنووکەییەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.