تەرمی 13 سەرنشینی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا گهڕێندرانهوه هەرێمی کوردستان
لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەوی شهممه ٣ى ئابى ٢٠٢٤، تەرمی ١٣ کۆچبەری کورد کە (٨)یان خەڵکی هەرێمی کوردستان و (٥)ــهكهی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێرەوە گەیهندرانهوه هەرێمی کوردستان و ڕادەستی کەسوکاریان کرانهوه.
کەسوکاری قوربانییەکان سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمیان کرد، بۆ کاراسانیکردن لە هێنانەوەی تەرمی کۆچبەرەکان.
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ڕووداوە خەمناکە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزهيرانى ئهمساڵ، سەفین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، وەک بەهاناچوونێک بۆ داواکاريی کەسوکاری قوربانیيان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم و نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی ئیتاڵیا پرۆسەی گەڕان و بەدواداچوون و ناسینەوە و ڕێکارە یاساییەکانیان دەست پێ کرد.
لە کۆتاییدا بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و هێزی ئاسمانيی عێراق، کە فڕۆکەیەکی سەربازی دابین کرد، توانرا تەرمی ١٣ هاوڵاتی بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان و ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنهوه.