Skip to the content

سەفین دزەیی سەردانى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکانى کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ى ئابى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانى دەرەوە، سەردانى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکانى کرد و لەلایەن فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکانه‌وه‌ پێشوازى لێ کرا.
لە دیدارەکەدا، سه‌فين دزه‌يى لە نزیکەوە پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى لە سەرۆکى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد و هیواى سەرکەوتنى لەو ئەرکەیدا بۆ خواست. ئامادەیيی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى ده‌ره‌وه‌ى، بۆ سەرخستنى ئەرک و کارەکانیان خسته‌ ڕوو. ناوبراو گوتى بوونى ڕێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى و دروستکردنى دەرفەت بۆ ئەنجامدانى ئەرکەکانیان، نیشانەى پێشکەوتنى کۆمەڵگه‌یە. هەروه‌ها گوتى ئەرکى ئێوە سەختە بەڵام پیرۆزە.

سەرۆکی فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان خۆشحاڵيى خۆى بۆ ئەو سەردانە دەربڕى و گوتى ئەوە هانمان دەدات کارى باشتر و فراوانتر لە بوارى کارى ڕێکخراوەیی ئەنجام بدەین و جێپەنجەمان دیار بێت لەسەر زیاتر خزمەتکردنى کۆمەڵگه‌کەمان، لە ڕێگەى ڕێکخراوە نێودەوڵەتى و ناوخۆییەکان.
سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى ڕێكخراوه‌ ناحكومييه‌كان سوپاسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد، کە پێشتریش هاوکار و هەماهەنگ بوونە، بۆ سەرخستنى کارو پرۆژەکان و نزیککردنەوەیان لەو ڕێکخراوانەى دەخوازن لە هەرێمى کوردستان پرۆژە ئەنجام بدەن.
لە کۆتاییى کۆبوونەوەکە سەفین موحسین دزەیی بە یاوەرى فەلاح حەسەن، بەڕێوەبەرایەتى و بەشەکانى فەرمانگەیان بەسەر کردەوە.