Skip to the content

سەفین دزەیی: ڕێگری لە خه‌ڵكى شنگال دەکرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان

ڕۆژی یەکشەممە ٤ى ئابى ٢٠٢٤، سه‌فين دزه‌يى، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوه‌، به‌شدارى له‌ ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبێكى وێنەیيی هونەرمەند ڕۆستەم ئاغەلە كرد، کە گۆڤاری (Kurdistan Chronicle) پشتیوانيی چاپکردنی کردووە.
له‌ گوته‌يه‌كدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕايگه‌ياند: ڕۆژێکی ناخۆشی میللەتەکەمان یاد دەکەینەوە، کە کۆمەڵکوژيی ئێزیدییەکانه‌، سنووری شەڕ لەگەڵ داعش زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر بوو، چەکەکانمان سنووردار بوون. هی سەردەمی کۆن بوون، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ شه‌ڕى كرد و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تييش پاڵپشتييان بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى.
ئەمڕۆ دوای ١٠ ساڵ، چیرۆکی نەهامەتيی ئێزیدیيەکان کۆتایی نەهاتووە. ئێستاش ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکان دەژین، ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنن. ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەرانبەر کۆمەڵگەی ئاشتیخوازی ئێزیدی بەرپرسیارین و دەبێت گەرەنتی ژیانێكى ئارام و خۆشگوزەرانیان بۆ بکەین.

دزه‌يى زياتر گوتى: ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیيان بە تەواوی پێکهاتەکان، لە ترسی تاوانەکانی داعش زێدی خۆیان بەرەو هەرێمی کوردستان جێهێشت. دەبێت کار بکەین بە سەلامەتی و شکۆمەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. سوپاس بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ بەردەوامی هاوکاریيه‌كانيان.

هه‌روه‌ها به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ ڕايگه‌ياند: کۆچکردن چارەسەر نییە. ئه‌وانه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێن و زێدى خۆيان. ئێمە ڕێکەوتننامەی شەنگالمان هەیە لەگەڵ بەغدا، دەبێت ئەو هێزە نایاساییانەی لەوێن و ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال دەکەن، ئەو ناوچەیە به‌جێ بهێڵن.