سەفین دزەیى پێشوازى لە باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق کرد
ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە محەمەد فەزلولبارى، باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق کرد، کە بۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەى وەک باڵیۆزى وڵاتەکەى لە عێراق، سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کردبوو.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەى بەوە دا کە لە ماوەى کارکردنى وەک باڵیۆزى وڵاتەکەى لە عێراق، لە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەنگلادیش پێشکەوتنى باش بەدەست هاتوون، بە تایبەت لە ڕووى ئاڵوگۆڕى شاندى بازرگانى. دواتر ناوبراو پوختەیەکى لەسەر دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخى ناوخۆ و پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا و ئەو پێشهاتانەى هاتوونەتە پێش بۆ باڵیۆز ڕوون کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی بەنگلادیش سوپاسی حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد، کە لە ماوەى کارکردنى، بە باشترین شێوە هاوکار و هەماهەنگ بوونە لەگەڵ باڵیۆزخانە، بە تایبەت لە پرسی هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى بەنگلادیش لە هەرێمى کوردستان و بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، بە تایبەت لە بوارى ئابوورى و بازرگانى. بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لە کارى هاوبەشی زیاتر کرایەوە.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا بەرپرسی فەرمانگە هیواى سەرکەوتنى بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکى داهاتووی.
باڵیۆزی بەنگلادیش ئاماژەى بەوە دا کە ئەو چەند ساڵەى لە عێراق و هەرێمى کوردستان نوێنەرى وڵاتەکەى بووە بە یەکێک لە یادگارییە خۆشەکانى ژیانى دیپلۆماسی دەمێنێتەوە، بەهۆى ئەو پاڵپشتییەى کە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە پێشکەشیان کراوە.