Skip to the content

بەرپرسى فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە کونسولى تازەى ئێران لە هەولێر کرد

ڕۆژى یەکشەممە ٢٢ى كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤، فەرامەرز ئەسەدی، کونسولی گشتيی تازه‌ى کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، بە یاوەرى شاندێک، سەردانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد و لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فه‌رمانگه‌وه‌ پێشوازی لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکە کە شاکر حوسێن، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێم لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى بوو، دزەیی پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونى لە کونسول كرد و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست. هاوکات پاڵپشتیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى كوردستانى بۆ هاوکارى و هەماهەنگى نیشان دا، لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکرنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ سوود و بەرژەوەنديى هەردوولا.
کونسولی گشتيی تازەى کۆماری ئیسلامى ئێران پەڕاوى فەرميى دەستبەکاربوونى پێشکەش بە بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت کرد و خۆشحاڵيى خۆى نیشان دا کە لە هەولێر دەستبەکار بووە و هیواى خواست بتوانن بەیەکەوە ئاستى پەیوەندییەکانى هەردوولا بگەیەننە قۆناغێکى پێشکەتووتر.
هەر لە کۆبوونەوەکە باس لە پەیوەنديى دێرینى نێوان هەردوولا کرایەوە. جەخت لەوە کرا کە هەرێمى کوردستان هەمیشە بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەنديى دۆستانەى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە.