Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە شاندی ئاژانسی کۆیکا کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی هاوکاریی نێودەوڵەتیی کۆریا (کۆیکا)، بە سەرۆکایەتیی کیم سیۆک بێرم، بەرپرسی ئاژانسى کۆیکا کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دروستکردنى ناوەندى ڕاهێنانی پیشەیی لە هەرێمى کوردستان. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە چارەسەرکردنی داواکارییەکانی بازاڕی کارە بۆ هاندانی گەنجان لەو بوارە.

دزەیی دەستخۆشی لە ئاژانسی کۆیکا بۆ پاڵپشتیی دوو دەیە لە هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی لە کەرتەکانی پەروەردە، چاودێریی تەندروستی و ژێرخانی ئابووری. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لە گرنگی ڕاهێنانی پیشەیی لە پەروەردەکردنی پشتبەخۆبەستن و ڕووبەڕووبوونەوەی بێکاری کردەوە، وە گرینگىدان بە دامەزراندنی دامەزراوەی پیشەیی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان.

هەردوولا باسیان لە پرۆژە بەردەوامەکان کرد کە ئامانجیان پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکانە و هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامی هاوکاری بۆ پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام و بەهێزکردنی گەشەی ئابووری.

سەفین موحسین دزەیی پەیوەندییە دووقۆڵییە بەهێز و بەردەوامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری کۆریای بەرز نرخاند، پابەندبوونیشی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی خستەڕوو.