Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى نوێى کۆمارى چیک لە عێراق کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 17/12/2024 سەفین موحسین دزەیى، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ يان شنايداوف، باڵیۆزى نوێى کۆمارى چیک لە عیراق کۆبووەوە کە بە بۆنەى دەستبەکاربوونى سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسوڵى گشتى کۆمارى چیک لە هەرێم ئامادەبوو، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایى لە باڵیۆزى نوێى کۆمارى چیک لە عیراق کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و ئامادەیى فەرمانگەى دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگى زیاتر لەگەڵ باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرى گشتى لە هەرێمی کوردستان. هاوکات پوختەیەکى دەربارەى سیاسەت و تێڕوانینى حکومەتى هەرێم سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێرو بەغداو پەیوەندییەکان لەگەڵ دونیاى دەرەوە خستەڕوو.

باڵیۆزى نوێى کۆمارى چیک لە عیراق خۆشحاڵى خۆى بۆ ئەو سەردانە دەربڕى کە دەتوانێ لە نزیکەوە ئاشناى بارودۆخى هەرێمى کوردستان بێت. بەڕێزیان پیرۆزبایی سەرکەوتنى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى کردو هیواى خواست گفتوگۆى نێوان لایەنە سیاسیەکان بەزووترین کات کۆتایی پێبێت و حکومەتێکى کارا پێکبێت لە ئاست ئەو گۆڕانکایانە بێت کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت.

لە کۆبوونەوەکە باس لە بارودۆخى ناوچەکەو گۆڕانکاریەکانى سوریا و بە تایبەت داهاتووى کوردانى سوریاو گەیشتن بە مافەکانیان و رێگرى کردن لە سەرهەڵدانەوەى تیرۆرو توندو تیژى لە ناوچەکە بە شێوەیەکى گشتى کرا. هەروا هیوایان خواست ناوچەکە ئارامى بەخۆیەوە ببینێت و سەرجەم گەلانى سوریا بە مافەکانیان بگەن و کێشەو گرفتەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.

دزەیی سوپاسى باڵیۆزى چیکى لە عیراق کردو هیواى خواست سەردانەکان بەردەوامیان هەبێت. ئاماژەى بە پەیوەندى پتەوى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى چیک کردو ستایشى رۆلى کونسوڵگەرى گشتى چیکی کرد بۆ پێشخستنى زیاترى پەیوەندییەکان لە بوارە جیا جیاکان.