Skip to the content

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد

ڕۆژی سێشەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە سێرج دیکشن، باڵیۆزی بەلجیکا بۆ عێراق و نیشتەجێى ئوردن کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە دووقۆڵییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى بەلجیکا کرا، بە تایبەت کە هەرێمى کوردستان پەیوەندیی نزیکى لەگەڵ هەرێمەکانى ئەو وڵاتە هەیە.
دواتر تیشک خرایە سەر یەکەم دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەت.
ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و دوایین ڕووداوەکان و پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و بایەخى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم و هەوڵەکان بۆ چارەسەرى ئاستەنگەکان، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر هەماهەنگیى فراوانتر لە سەرجەم ئەو بوارانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا دەکەن.