Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەیوەندی و نوێنەری وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە

بە مەبەستی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ چۆنییەتی گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەری وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکە دزەیی پوختەیەکی لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر سیاسەت و تێڕوانینی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوە، بە تایبەت لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا.
دزەیی گوتی؛ وەزارەتەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت تەواوکەری یەکترن. بوونی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ وەزارەتەکان دەمانخاتە سەر ڕێگەیەکی دروست، بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانەکانی حکومەت لەو کەرتانەی پەیوەندی بە کونسولگەریی وڵاتان لە هەرێم و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و زانکۆکان و کۆمپانیاکانی دەرەوە هەیە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ئامادەیی و پشتگیریی فەرمانگە و نوێنەرانی حکومەت لە دەرەوە و ستافەکانی خستەڕوو بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی سەرخستنی کاری وەزارەتەکان و ئاسانکاری بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە و مەراسیمی یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتننامە و هاوکاریکردنی ئەو شاندە فەرمییانەی سەردانی دەرەوە دەکەن.
دوای خستنەڕووی چەندین وردەکاریی دیکە سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکە لەلایەن ڕاوێژکار هەڵگورد ساڵەیی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران، دەرگەی گفتوگۆ بۆ ئامادبووان کرایەوە. ئەوانیش وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ستافی فەرمانگە، بە پێشنیار و سەرنج و تێبینی، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.