لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بە شکۆدارییەوە بەرز ڕاگيرا
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگە و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر و تەواوی فەرمانبەران مەڕاسیمی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بە شکۆدارییەوە بەڕێوەچوو.
دابان شەدەڵە لە ووتەیەکدا گوتى ئەمڕۆ لەگەڵ هاوکارانم، بە شانازییەوە ڕەنگە زیندووەکانی ئاڵای کوردستانمان بەرز کردەوە، کە مەشخەڵی خەبات و هیوا و بەیەکەوەبوونمانە. هیوادارم ئاڵاى کوردستان هەمیشە لە بەرزیدا بشەکێتەوە. بەڕێزیان گوتى پیرۆزبایی لە تەواوى گەلى کوردستان دەکەم لەم رۆژە پیرۆزو مێژووییە.
لە لێدوانێکى تایبەت بۆ ماڵپەرى فەرمى فەرمانگە سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت گوتى پیرۆزبایی تایبەتی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئێمە ئەمڕۆ نەماندەتوانی بەو شێوەیە ئەم یادەبەرز ڕاگرین، ئەوەی ئەمڕۆ لەئارادایە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی کوردستانە بەسەرجەم چین و توێژەکان.
بۆیە لەم رۆژەدا پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان دەکەم و سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو قارەمانانە دادەنوێنم کە گیانی خۆیان لە پێناو ئەم ئاڵایە بەخت کرد.
هەروا گوتى جێگەى شانازیمەو شەڕەفمەندم کە لەو کاتەى وەک وەزیرى پەروەردە خزمەتم دەکرد، رۆژى ئاڵاى کوردستانم پێشنیار کردو دواتر پەرلەمانى کوردستان رۆژى 17/12 ى وەک رۆژى ئاڵا لە سەرانسەرى کوردستان دەستنیشان کردو ئێستاش بووە بە نەریتێک کوردستانیان بە خۆشحاڵیەوە لە ناوەو دەرەوەى کوردستان ئەم رۆژە بەرز رادەگرن.