Skip to the content

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە لەگەڵ باڵيۆزى فينله‌ندا له‌ عێراق کۆبووەوە

رۆژى یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤، لەکۆبوونەوەیەک کە لە نێوان سەفین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان و  ئانو سارێلا، باڵيۆزى فينله‌ندا له‌ عێراق بەرێوەچوو، جەخت لە بایەخى پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکان کرایەوە و تاوتوێی رەوشى هەنووکەیی عێراق و ناوچەکە کرا.

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان و گرنگى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان پێشکەش کرد و تێڕوانینی حکومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ فراوانکردنى پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکان پێشکەش کرد.

دزەیی رۆڵی سەربازانى فينله‌نداى لە چوارچێوەى هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش بەرز نرخاند کە هاوشانى پێشمەرگە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رووبەڕووى تیرۆریستانى داعش بوونەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە گرنگى دیدارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمى کوردستان و سەرۆکی فینلاند لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس و گرنگی بەشداری حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن کرد.