بەلاغی کۆتایی سێیەمین کۆنفرانسی نوینەرایەتیيەکانی حکومەتی هەرێم
دوای گۆڕانکاری و رێکخستنەوەی پێکهاتەی نوێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پێشهات و روداوەکانی ناوچەکە، سێیەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە رێکەوتی ٢٨/١/٢٠٢٤ تاکو ١/٢/٢٠٢٤ لە هەولێری پایتەخت بەسترا . لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفڕانس بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەرێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیرە بەرێزەکان و نووسینگەی بەرێز سەرۆکی هەرێم و دیوانی سەرۆکایەتی و بەرپرسانی حکومی و حزبی و نێردە دیپلۆماسیەکان و نوێنەری رێکخراوەنێودەوڵەتیەکان و کەسایەتی سیاسی و ژمارەیەک باڵیۆزی پێشوو بەشداریان تێداکرد. هەر لە یەکەم رۆژی کۆنفڕانسدا، دوای کردنەوەی بە ووتاری بەریز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە دوو پانیڵی جیاوازدا تێشک خرایە سەر پێگەی ئابوری و سیاسی هەرێم و دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان وەک فاکتەری پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای نیودەوڵەتی.
لە رۆژانی دووەم تا پێنجەمی کۆنفڕانس، لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی داخراودا، دوای خوێندەوەی راپۆرتی نوێنەرایەتییەکان، چەندین تەوەری گرینگ لەلایەن بەرپرس و کەسانی پسپۆر و تایبەتمەند لەسەر دۆخی هەرێم و بەغدا و دۆخی ئاسایش و پرسی چاکسازی و بە دیجیتاڵ کردنی حکومەت و بایەخدان بە پاراستنی ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوا و مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەنگاوەکانی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و رەوشی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماددەی ١٤٠ کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر رۆڵی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە داکۆکی کردن و نوێنەرایەتی کردنی هەرێم و گەیاندنی پەیام و مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی .
رەهەندێکی تری کۆنفرانس بریتی بوو لە گفتووگۆکردن لەسەر رێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕی و خستنە رووی گرفت و ئاستەگەکانی بەردەم نوێنەرایەتییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و هەنووکەیی و درێژ مەودابۆیان، هەروەها بەستنەوەی نوێنەرایەتییەکان بە پێکهاتەی نوێی فەرمانگە و شێوازی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و یەکخستنی یەک گوتاری و خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانی و بەشداری پێ کردنیان لە پرس و بۆنە نیشتیمانیەکان تاوتوێ کرا.
کونفڕانس هەڕشە و مووشەک باران کردنی بی پاساوەکان بۆ سەر خاک و هاوڵاتیانی هەرێم سەرکۆنە دەکات و داوادەکات کە خاکی هەرێمی کوردستان نەبێت بە گۆرەپانی یەکلاکردنەوەی ململانیی ئیقلیمی و جیهانی. کۆنفڕانس جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئاشتی خوازە و هەڕەشە نیە بۆ سەر ئاسایشی هیچ لایەک و خوازیاری پەیوەندی بەهێزە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە چوارچێوەی عیراقی فیدڕاڵ. هاوکات جەخت لە بەرگری کردن لە قەوارەی هەرێم و داکۆکی کردن لە مافە دەستووریەکان کرانەوە و پشتگیری لە شاندنی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە دارایەکانی هەرێم و مووچەخۆران دەربڕی، وە هەروەها فراوانکردنی پەیوەندی کەلتووری و ئابووری و زانستی لە چوارچێوەی فراوانکردنی ژمارەی نوینەرایەتیەکان جەختی لەسەر کرایەوە.
لە کۆتاییدا کۆنفڕانس کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی خستە روو کە دەرهاویشتەی گفتووگۆی چڕ و ئاڵوگۆری بیرورا بوون لە نیوان ئەندامانی کۆنفرانس کە دواجار بەمەبەستی پەسەند کردن و جێبەجیکردنیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەکریتەوە.
کۆنفڕانس سوپاسی بێ پایانی خۆی ئاڕاستەی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکات لەبەرامبەر پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم، هەروەها سوپاس بۆ سەرجەم ئەو بەرێزانەی کە لە رۆژانی کۆنفرانس بە پێشکەشکردنی بابەتە گرینگ و پڕ زانیارییەکانیان بەشداربوون. سوپاس بۆ دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و نووسینگەی بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە هاوکاربوون لە داڕشتنی کارنامەی کۆنفڕانس. سوپاس بۆ دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کە پاڵپشتی تەواو بوون بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی کۆنفڕانسەکە. سوپاس بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری و تیمی راگەیاندن و بەشی پرۆتۆکۆل لە نووسینگەی بەرێز سەرۆک وەزیران کە هەر لەسەرەتاوە خەمخۆرانە هاوکار و هەماهەنگ بوون. سوپاس بۆ دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم کە لە رۆژانی کۆنفڕانس لە دابین کردنی ئاسایش لە ئەرکدابوون.
لێژنەی باڵای سەرپەرشتی کۆنفرانس
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە
٥/٢/٢٠٢٤