سهفين دزهيى: هیوادارين وڵاتی کەنەدا ڕۆلی خۆی له چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ببینێ
ڕۆژی دووشەممە ١٩/٢/٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و کاثی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عیراق و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێم و دیپلۆماتکاران و پیاوانی کار و میوانان لە شاری هەولێر ئاهەنگی یادی ١٠ ساڵەی کردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێم بەڕێوە چوو.
سەرەتا تامی ئامس، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێم، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی کە وڵاتی کەنەدا لە ساڵی ٢٠١٤هوه، نووسینگەی دیپلۆماسيی خۆی لە هەرێم کردەوە، و ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە دیپلۆماتکارانی کەنەدی لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و پرۆگرامەکانی پەرەپێدانی مرۆیی لە کوردستانن، و ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت و لە داهاتوودا هەماهەنگيی زیاتری ئابووری لە نێوان هەردوولا پەرەی پێ دەدرێت.
هەر لەم بۆنەیەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتەیەکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە دپلۆماتکاران و نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێم کرد و خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی کە ماوەی ١٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستانن. ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندیی دیپلۆماسی نێوان عێراق و کەنەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی زۆر و سوپاسی وڵاتی کەنەدای کرد کە لە هەموو بوارێکەوە ئامادەییان هەبووە، بە تایبەتی لە شەڕی دژى داعش.
سەفین دزەیی گوتی پێویستە کار لەگەڵ یەکتر بکرێت بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆر و ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشمەرگە کرد کە شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان لەو شەڕەدا جەنگاون.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە شاندی پەرلەمانی کەنەدا سەردانی هەولێریان کردووە و چەندین کۆبوونەوە و دیداریان كردووه، لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بە کۆمەڵگەی کوردی لە کەنەدا کرد کە بەشدارن لە پەرلەمانی کەنەدا و شانازییان پێوە دەکەین.
بەرپرسى فهرمانگهى پهيوهندييهكانى دهرهوه ههروهها گوتى "هیوادارين وڵاتی کەنەدا ڕۆلی خۆی له چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ببینێ."