Skip to the content

سێییەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم کۆتایی بەکارەکانی هێنا

ڕۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت دوایین ڕۆژی سێییەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.

پانێلی یەکەم تەرخانکرابوو بۆ دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگە سەبارەت بە پرسی تاراوگە و ڕەوەندی کوردستانی. لە پووختەی بابەتەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگ و سەرەکی دیاسپۆرا و ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە، هەروەها بەشداری کارایان لە بەهێزکردنی نوێنەرایەتی و پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دا.

لە پانێڵی دووەم دا عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق و شێوازی کارکردن و پێکهاتەی وەزارەت بابەتێکی پێشکەش کرد. 

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراقی رایگەیاند:'' دەخوازین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سوودی دوولایەنە و ڕێزگرتن لەسەروەری خاکی یەکتربێت. بۆ ئەو مەبەستەش کاری زۆر کراوە. هەر چەندە هەندێک جار گرفتی گەورە لەڕووی دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆ یان کێشەی سنووری دروست دەبێت، ئەمەش بەشێکیان پەیوەندی بەو ڕێکەوتننامانە هەیە کە حکومەتەکانی پێشووی عێراق واژوویان کردووە.''

عومەر بەرزنجی باسی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی عێراقی کرد کە بریتیە لە دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و پەیوەندی ئابووری و بازرگانی و کلتووری لەگەڵ وڵاتانی دونیا بە پێی دەستوورو سیاسەتی حکومەتی فیدڕاڵ.

لە پانێلی سێیەمدا، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە لیژنەی ماددەی ۱٤٠، باسیان لە کێشە و گرفتە هەنووکەییەکان و هەوڵەکان و ئالانگارییەکان کرد کە ڕووبەڕووی ئەو ناوچە کوردستانییانە بووەتەوە.