Skip to the content

سەفین دزەیی: زەمینەی کوردستان لەبارە تاکوو کۆمپانیا ژاپۆنییەکان وەبەرهێنانی تێدا بکەن

ڕۆژى سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، و فوتۆشى ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێم و دیپلۆماتکاران و بەرپرسانى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و پیاوانی کار و میوانان، لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمى ڕۆژى نیشتمانى ژاپۆن و یادى لەدایکبوونى خاوەنشکۆ ئیمپراتۆرى ژاپۆن لە هەولێر بەڕێوە چوو.

سەرەتا فوتۆشى ماتسۆمۆتۆ باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق گوتارێکى پێشکەش کرد و بە زمانى کوردى گوتى "بەڕێزان، میوانە خۆشەویستەکان، ئێوارەتان باش هەمووتان بەخێر بێن، خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵتانم بەبۆنەى یادکردنەوەى ڕۆژى نیشتمانى ژاپۆن لە هەولێر."

لە درێژەی قسەکانیدا گوتى: زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان لەم بۆنەیە. شەرەفێکى گەورەیە بۆ من کە ئەمڕۆ یادى لەدایکبوونى خاوەنشکۆ ئیمپراتۆرى ژاپۆن بەڕێز (ناریهیتۆ) لە شارى هەولێر شانبەشانى دۆستان و ئازیزانمان لە کورد و بیانییەکان بەیەکەوە دەکەینەوە. من ئەم دەرفەتە بە گرنگ دەزانم بۆ گەیاندنى گوتەى خاوەنشکۆ ئیمپراتۆر کە بە بۆنەى دەستپێکى ساڵى تازە پێشکەشی کرد. خاوەنشکۆ فەرمووى (دەمەوێ لە ناخى دڵمەوە هاوسۆزى بنوێنم بۆ خەڵکى ژاپۆن کە کاریگەر بوون بەهۆى ڕوودانى ڕووداوەکانى بوومەلەرزە و بارانى بەخوڕ و تایفون و بەفر. دڵم هێشا بە بیستنى لەدەستدانى ژیانى خەڵکێکى زۆر بەهۆى شەڕ و کوشتارەکان لە سەرانسەرى جیهاندا. ئەو ڕووداوانە جارێکى تر گرنگى ئەو هەوڵانەى بەبیر هێنامەوە بۆ لە یەکگەیشتن و هەماهەنگیکردنى دوولایانە بۆ بنیاتنانى جیهانێکى ئاشتیخواز. هیوادارم ئەو خەڵکە بە سۆزەوە بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنى یەکترى بۆ ئەوەى ساڵى داهاتوو ببێتە ساڵێکى ڕۆشن و پڕ لە هیوا بۆ خەڵک لە وڵاتەکەم و هەموو جیهان.)

باڵیۆزی ژاپۆن لەسەر گوتەکانی بەردەوام بوو و گوتی "زیاتر لە ١٦٠ ساڵە ژاپۆن بە پرۆسەى مۆدێرنەدا دەڕوات، وڵاتێک کە ڕێز لە هەموو بەها باڵاکانى جیهان بگرێت وەکوو ئازادى و بنەماکانى مافى مرۆڤ و سەروەریی یاسا. ژاپۆن وەکوو پارێزەرى ئاشتیى جیهانى و پاراستنى بەها باڵاکان، بەردەوامە لە پێشکەشکردنى هاوکارى بۆ برەودان بە تێگەیشتنى دوولایەنە و هەماهەنگیکردن لەنێوان هاوبەشە سەرەکییەکان بۆ ئەوەى بگەین بە ئاشتى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و جیهاندا.

باڵیۆزى ژاپۆن گوتى: کوردستان ڕێگاى زۆر دوورى بڕیوە تا گەیشتە کەنارى ئارامى و سەقامگیرى. ژاپۆن وەکو دۆستێکى ڕاستەقینەى کوردستان، بەردەوام بووە لە پاڵپشتیکردنى بۆ بنیاتنانەوە و ئاشتى و سەقامگیریی کۆمەڵایەتى. ئێمە بەتایبەتى پاڵپشتى هەوڵەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین کە لە لایەن بەڕێز مەسرور بارزانییەوە پاڵپشتى دەکرێت بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەوتنەکان، سەرەڕاى بوونى ئاستەنگیەکان.

هەروەها گوتى ژاپۆن و کوردستان دڵخۆشن بە بوونى دۆستایەتییەکى تۆکمە بۆ ساڵانێکى زۆر، و شیمانە دەکەم کە ئەو دۆستایەتییە لە ساڵانی داهاتوو زیاتر پەرەى پێ بدرێت و گەشە بکات. بۆ بنیاتنانى پەیوەندییەکى بەهێز و درێژخایەن، ژاپۆن ئامادەیە بۆ هاوکاریی زیاتر لە بوارى گەشەدان بە لایەنى ئابوورى و کۆمەڵایەتیى کوردستان کە لە ڕێگەى پەیوەندییە دوولایەنەکەمان بەهێزتر دەبێت. "لەسەر پشتى دڕاگۆن ئەم ساڵ بەرزتر دەفڕین، من هیوام بە داهاتوویەکى گەشترى کوردستان هەیە بەیەکەوە لەگەڵ هەمووتان. بژى کوردستان."

دواتر بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت لە گوتارێکدا گوتى: بە ناوى جەنابى سەرۆکى حکومەت و خەڵکى کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایى لە ئیمپراتۆر و حکومەت و گەلى ژاپۆن دەکەین.

سەفین دزەیی باسی لە دوایین سەردانى کرد بۆ ژاپۆن کە ‌٢٢ ساڵ لەمەوبەر بوو بە هاوڕێیەتى قوباد تاڵەبانی و فەوزى هەریرى، وە دیداریان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى کۆچکردوو شینزۆ ئابێ، کە پیاوێکى گەورە بوو وە لەدەستدانی نەک تەنها بۆ ژاپۆن، بەڵکو بۆ هەموو لایەکمان کۆستێکی گەورە بوو.

دزەیی هەروەها گوتی: ئەو گوتانەى خاوەنشکۆ ئیمپراتۆر کە باڵیۆز ئاماژەى بۆ کردن، پڕن لە دانایى و ژیرى. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ژاپۆن چەسپاو و بەهێزن، لە دوو ڕۆژى ڕابردوو کۆبوونەوە و گفتوگۆى باشمان لەگەڵ جەنابى باڵیۆز هەبووە و باسمان لە چۆنییەتى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانمان کرد، بۆ ئەوەى ئەمەش بەدی بێت، ناوچەکە پێویستى بە ئاشتى و سەقامگیرییە، بەداخەوە ناوچەکە بە گشتى بە ئاڵۆزیدا تێپەر دەبێت، و هیواخوازین ژیرى بەسەر تیرۆر و هێزى ڕەش و تاریکیدا سەر بکەوێت، پێکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، داعشمان لەناو برد بەڵام هێشتا هەڕەشەکانى داعش ماون و پێویست دەکات پێکەوە کاربکەین.

لە ڕووى ئابورییەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەیە و دەرفەتى زۆر باش هەیە بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان بکەن. ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیانمان لە جایکا، گفتوگۆیەکى زۆر باشمان هەبوو لەوبارەیەوە، و دەرگاکانمان کراوەن بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنانى ژاپۆنى وە دەرفەتى زۆر باش هەیە بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان.

شوێنپەنجەى ژاپۆن لە چەندین بوارى جیاواز هەیە وەک نموونەى سەر شەقامەکان، کە زۆربەى ئۆتۆمبیلەکان دروستکراوى وڵاتى ژاپۆنن، عێراق ئێستا لە سەرووى ٤٠ ملیۆنە، لەو باوەڕەدام کە بازاڕى عێراق بازارێکى باش دەبێت بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان.

لە کۆتاییی گوتارەکەیدا، سەفین دزەیی گوتى؛ بەڕێز باڵیۆز ئەمساڵ ئەو یادە لەگەڵ ئێوە دەکەینەوە، لێرە گڕوتینى زیاتر و ڕەنگینترە.