سەفین دزەیی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و شاندى یاوەرى کرد
ڕۆژى سێشەممە 20ى شوباتى 2024، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به ئامادهبوونى تامى ئهيمز، بهرپرسى نوسينگهى باڵيۆزخانهى كهنهدا له ههولێر، پێشوازی لە کاثی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.
هەردوولا خۆشحاڵيی خۆیان نیشان دا کە ماوەی ١٠ ساڵە وڵاتی کەنەدا نووسینگەی باڵێۆزخانەی لە هەولێر هەیە و هیوایان خواست بتوانن ئاستى پەیوەندییەکانیان لەو بوارانەى جێگەى بایەخى هەردوولایە بەرەو پێش ببەن.
سەفین دزەیی ئاماژەی بە سەردان و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێم کرد، کە لە لوتکەی ئاسایشی میوشن لە ئەڵمانیا و لوتکەی حکومەتەکان 2024 لە دوبەی، سەرکەوتووانە بەشداريیان کرد، و چەندین دیداری گرنگ و پڕ بایەخیان ئەنجام دا و زۆر تەوەری گرنگیش گفتوگۆیان لهبارهوه کرا.
لە کۆتاییدا، باڵیۆزی کەنەدا ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان نيشان دا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی، سەربازی و مرۆیی. جەختی لهگرنگيى بوون و ئامادهييى كهنهدا له عێراق و ههرێمى كوردستان كردهوه.