Skip to the content

چوارەمین ڕۆژی سێییەم کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگە،  کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارەمین ڕۆژی کارەکانیدا تیشکی خستە سەر بابەتەکانی پەیوەست یاساو پەسندکردنی بەڵگەنامەکان و ژینگە و گۆڕانی کەشوهەواو مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەیوەندی کلتووری و هونەری و ڕۆشنبیری. 
پانێلی یەکەم بە پێشکەش کردنی بابەتەکانی دادوەر بەدرەدین کەریم، دادوەری داواکاری گشتی و سەرپەرشتیاری یەکەی ڕادەستکردنی تۆمەتبارو تاوانباران و عبدالرزاق جەلال، بەڕێوەبەری پەسندکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان لە وەزارەتی داد بەڕێوەچوو. 
پێشکەشکاران بابەتەکان بەشێوەیەکی وورد تیشکیان خستە سەر ئەو دوو تەوەرەو ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێشکەش بە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم کرد و ئاماژەیان بە خزمەتگوزارییەکان، میکانیزمە یاساییەکانی پەسەندکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و کاری تیمی پێشکەشکرد. 
 
لە پانێلی دووەمدا د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی باسیان لە پرسەکانی مافی مرۆڤ و پابەندبوون بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و ئازادی ڕۆژنامەگەری و بیروڕای ئازاد کرد. هاوکات تیشک خرایە سەر هەوڵەکان لەچوارچێوەی بەرنامەی کاری حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کە چەندین دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگەکان کراون و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر.
 
پانێڵی سێیەم تەرخان کرابوو بۆ پرسی ژینگەپارێزی هەرێمی کوردستان و هەنگاونان بۆ هەرێمێکی ژینگە دۆست، بۆ ئەم مەبەستەش بەیان سامی عبدالرحمن، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و عبدالرحمن سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بەتێروتەسەلی تێڕوانینی حکومەتی هەرێمیان سەبارەت بەم دوو پرسە و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمیان لەڕووی کردەنی خستەڕوو. 
هاوکات شیکارییەکی پوختیان لەبارەی گۆرانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی، هەروەها کردار و ستراتیژییەکان بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان خستەڕوو.

چوارەم پانێل پەیوەست بوو بە فراوانکردنی پەیوەندییە کلتووری و ڕۆشنبیرییەکان و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستە کۆنفڕانس میوانداری حەمەی حمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و د.کارزان کەریم، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵا و د.ئامانج عبدالله، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد. 
 
لەم پانێڵەشدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە تێڕوانینی حکومەت بۆ ئەو پرسانە و هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە بۆ پێشخستن و پتەوکردنی پەیوەندییە کلتووری و زانستییەکان و خوێندنی باڵا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە. 
 
پانێلی پێنجەم پەیوەست بوو بە کاروباری ناوخۆی فەرمانگە و پێکهاتەی نوێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕاوێژکار هەڵگورد ساڵەیی و ڕاوێژکار د.سامان سۆرانی، بەوردی تیشکیان خستە سەر ئامانج و گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی نوێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە ئامانج تێیدا بە دامەزراوەیی کردنی زیاترو باشتر بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکانی فەرمانگەیە. هاوکات تیشک خرایە سەر ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی و بەرنامە و ستراتیژیەتی ئەم ناوەندە خرایەڕوو.

لە کۆتاییدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سوپاسی سەرجەم بەشداربووانی کرد و هیوای خواست ناوەڕۆکی بابەتەکان بەهەند هەڵبگیرێن کە سەرجەمیان جێگەی بایەخن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک ژینگە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هاوکاری و هەماهەنگی زانستی و فەرهەنگی و کلتووری.