نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لەگەڵ سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە
ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و لەگەڵ ناتالی لوازۆ، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکە باس لە دوایین پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کاریگەریان لە سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان کراو بۆچوون و تێروانینی حکومەتی هەرێم و هيرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان،و پەیوەندی هەولێر و بەغدا،و دادگای فیدرالی، و پرسی بودجە و قوتی گەلی کوردستان و چەند تەوەرێکی تر ناوەرۆکی دانیشتنەکە بوون.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد پەرلەمانی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا لەو کاتە هەستیارە زیاتر پشتگیری هەرێمی کوردستان بکەن بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە رووی سیاسی و ئابووری و بەرگری دەبێتە فاکتەری سەرەکی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە.
جێگەی ئاماژەیە کە ناتالی لوازۆ، پێشتر وەزیری کاروباری ئەوروپا بووە لە حکومەتی فەرەنسا.