Skip to the content

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵى گشتی تازەى کۆریا لە هەرێم کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە لیم سۆنگ گوول ،کونسوڵى گشتی تازەى کۆریای باشوور، لە هەرێم کرد.

بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتی تازەی کۆریا کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. ئامادەیى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە پێناو سەرخستنی کارەکانیان و زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا.

سەفین دزەی سوپاسى هاوکاریە بەردەوامەکانى کۆریاى کرد بۆ هەرێمى کوردستان و تیشکی خستە سەر ئەگەری کردنەوەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە وڵاتى کۆریا لە چوارچێوەى بەرنامەى فراوانکردنى پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

لیم سۆنگ گوول، کونسوڵی گشتی تازەی کۆریا سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد و ئامادەیى نیشاندا بۆ هەماهەنگى و هاوکارى زیاتر لە بوارە جیاوازەکان. هەروەها باسی لە پڕۆژەى تایبەتى خۆى کرد بە مەبەستى پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە ئابوریەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆریا.