دووەم ڕۆژی سێیەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە لە کارەکانی بەردەوامە
ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگە و تەواوی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە، دووەم ڕۆژی سێییەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ووتەیەکدا ئامانجی کۆنفڕانسەکەی ڕوونکردەوە کە خستنەڕووی کارو چالاکییەکانی نوێنەرایەتی و ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانە بوو کە دێنە بەردەمی کارەکانی فەرمانگە و باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تێیدا ئەرکەکانیان بەڕێوە دەبەن.
سەفین دزەیی ئاماژەی بە تێڕوانینی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و خودی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد کە دەخوازن ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەهێزتر بکەن و نوێنەرایەتی نوێش لە هەندێک وڵات بکەنەوە.
دزەیی دەستخۆشی لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و ستافەکانیان کرد کە بە پێی توانای بەردەست ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاندووە و هیوای خواست کاری باشتریش ئەنجام بدەن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان.
دواتر نوێنەرانی حکومەتی هەرێم باسیان لە کارو چالاکی خۆیان کرد و سەرنج و پێشنیاری خۆیان خستەڕوو بە باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانیان لە دەرەوە.
لە پانێلی دووم دا عەبدولحەکیم خەسرەو، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سەفین غەفور، ڕاوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیران پووختەیەکیان لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەت و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە چوارچێوەی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێشکەش کرد و تەواوی ئاسانکارییەکانی حکومەتیان خستەڕوو بۆ هاندانی کەرتی ئابووری و بازرگانی بۆ ئەوانەی لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەیانەوێت کۆمپانیا تۆمار بکەن.
هەروەها تیشک خرایە سەر سیستەمی بایۆمەتری و کەمکردنەوەی ڕۆتین و دەستەبەری کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێکخستنەوەی سندووقی داهات و سوودەکانی ئەنجوومەنی ڕاژە و شەفافییەت لە کارەکاندا کە لە سوود و بەرژەوەندی گشتییە.
هەر لە چوارچێوەی دووەمین ڕۆژی کارەکانی کۆنفڕانسەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بابەتێکی پێشکەش کرد کە پەیوەست بوو بارودۆخی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە.
کۆتا پانێلی دووەمین ڕۆژی کۆنفرانس پەیوەست بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ (ئالەنگاری و چارەسەر) کە بۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووی و د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو کە تیایدا بە ووردی باسیان لە کۆبوونەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و پێداگری حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکان کرد.
هاوکات تیشکیان خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم جێبەجێ کردنی ڕێکەوتننامەکان کە بەداخەوە تەنیا مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تێیدا زەرەرمەند دەبن و
تێڕوانینی حکومەتی هەرێمیان لەمەڕ نەوت و بودجەو پرسەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا بۆ نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە خستەڕوو.
لەکۆتاییدا سەفین دزەیی، سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی باڵای حکومەت کرد کە توانیان کۆمەڵێک داتا و زانیاری وورد لەسەر سەرجەم ئەو بوارانە پێشکەش بە نوێنەرانی حکومەت بکەن کە جێگەی بایەخی هەموولایەک بوو.