Skip to the content

دووەم ڕۆژی سێیەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە لە کارەکانی بەردەوامە

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگە و تەواوی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە، دووەم ڕۆژی سێییەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ووتەیەکدا ئامانجی کۆنفڕانسەکەی ڕوونکردەوە کە خستنەڕووی کارو چالاکییەکانی نوێنەرایەتی و ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانە بوو کە دێنە بەردەمی کارەکانی فەرمانگە و باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تێیدا ئەرکەکانیان بەڕێوە دەبەن.

سەفین دزەیی ئاماژەی بە تێڕوانینی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و خودی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد کە دەخوازن ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەهێزتر بکەن و نوێنەرایەتی نوێش لە هەندێک وڵات بکەنەوە.

دزەیی دەستخۆشی لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و ستافەکانیان کرد کە بە پێی توانای بەردەست ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاندووە و هیوای خواست کاری باشتریش ئەنجام بدەن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان.

دواتر نوێنەرانی حکومەتی هەرێم باسیان لە کارو چالاکی خۆیان کرد و سەرنج و پێشنیاری خۆیان خستەڕوو بە باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانیان لە دەرەوە.

لە پانێلی دووم دا عەبدولحەکیم خەسرەو، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ‎سەفین غەفور، ڕاوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیران پووختەیەکیان لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەت و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە چوارچێوەی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێشکەش کرد و تەواوی ئاسانکارییەکانی حکومەتیان خستەڕوو بۆ هاندانی کەرتی ئابووری و بازرگانی بۆ ئەوانەی لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەیانەوێت کۆمپانیا تۆمار بکەن.

هەروەها تیشک خرایە سەر سیستەمی بایۆمەتری و کەمکردنەوەی ڕۆتین و دەستەبەری کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێکخستنەوەی سندووقی داهات و سوودەکانی ئەنجوومەنی ڕاژە و شەفافییەت لە کارەکاندا کە لە سوود و بەرژەوەندی گشتییە.
هەر لە چوارچێوەی دووەمین ڕۆژی کارەکانی کۆنفڕانسەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بابەتێکی پێشکەش کرد کە پەیوەست بوو بارودۆخی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە.

کۆتا پانێلی دووەمین ڕۆژی کۆنفرانس پەیوەست بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ (ئالەنگاری و چارەسەر) کە بۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووی و د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو کە تیایدا بە ووردی باسیان لە کۆبوونەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و پێداگری حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکان کرد.

هاوکات تیشکیان خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم جێبەجێ کردنی ڕێکەوتننامەکان کە بەداخەوە تەنیا مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تێیدا زەرەرمەند دەبن و
تێڕوانینی حکومەتی هەرێمیان لەمەڕ نەوت و بودجەو پرسەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا بۆ نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە خستەڕوو.

لەکۆتاییدا سەفین دزەیی، سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی باڵای حکومەت کرد کە توانیان کۆمەڵێک داتا و زانیاری وورد لەسەر سەرجەم ئەو بوارانە پێشکەش بە نوێنەرانی حکومەت بکەن کە جێگەی بایەخی هەموولایەک بوو.