Skip to the content

سەفین دزەیى پێشوازی لە کریستوفەر کاستیلو هەڵسورێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى کۆمارى فلیپین لە بەغدا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کریستوفەر کاستیلو هەڵسورێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى کۆمارى فلیپین لە بەغدا کرد.

سەرەتاى دیدارەکە کریستوفەر سەرەخۆشى و هاوخەمى گەل و حکومەتى فلیپینى بە بەرپرسى فەرمانگە و گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ ئەو کارەساتی بۆردمانەکانى سەر خەڵکی سڤیل لە هەولێر، و سوپاسى لایەنە پەیوەندیدارەکانى لە حکومەتى هەرێم کرد کە بەوپەڕى دڵسۆزى بەهاناى لێقەوماوانی ئەم کارەساتەوە چوون و یارمەتى پێوستیان گەیاندە بریندارەکان. ڕاشیگەیاند:" بینینى دیمەنى کارەساتەکە و وێرانکاریەکان لە ڕاگەیاندنەکان مایەى نیگەرانى هەموو لایەکمانە".

بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند:" بە داخەوە لە هێرشی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین هاووڵاتیی مەدەنى بوونە قوربانى و هێرشەکەش بێ پاساو بوو". هەروەها ڕاشیگەیاند:" لە پرۆسەى گەڕان بەدواى تەرمى هاووڵاتیى سێیەمى فلیپینى بەداخەوە تاوەکو ئێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە".

بەرپرسى فەرمانگە باسى لە تێڕوانینی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەیوەندى دۆستانە و تەندروست لەگەڵ سەرجەم ووڵاتان بەتایبەت ووڵاتانى درواسێ کرد. لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە باس لە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێرو بەغداو پڕۆسەى هەلبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان و ئاستەنگەکانى بەردەم پڕۆسەکە کرا.