Skip to the content

سەفین دزەیی لەگەڵ کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر کۆبووەوە

بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەیمس گۆڵدمان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە کەیت شاو، جێگری کونسوڵی گشتی ئامادەبوو، سەفین دزەیی پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و پشتیوانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خستەڕوو لە پێناو سەرخستنی ئەرک و کارەکانی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دوولایەنەکان.

کونسوڵی گشتی بەریتانیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە و هیوای خواست بتوانێت پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پێشبخات. هاوکات سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد بۆ پشتگیری و هاوکاری و هەمانگی لە پێناو سەرخستنی کارەکان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان.

سەبارەت بە هێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەولێر، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد و گوتی هێرشەکان بێ پاساوبوون و ئیستفزازییەکی گەورەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا تاران هێشتا هەوڵدەدات پاساو بهێنێتەوە بە وێنەی ساختە و پڕوپاگەندە تاوانەکە پەردەپۆش بکات.

سەفین دزەیی سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ پاڵپشتی و هاتنى باڵیۆزی بەریتانیا بۆ هەولێر و بەشداریکردنى لە مەراسیمى پرسەی قوربانیان و هاوکات پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرز نرخاند کە لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە داڤۆس ئیدانەى ئەو هێرشە درندانەیان کرد.