سەنتەرى خزمەتگوزارى کونسوڵگەرى و دابینکردنى ڤیزای کۆمارى چین لە هەولێر کرایەوە
بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و چوەى وەى، باڵیۆزى کۆمارى میللى چین لە عێراق و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و لیو جیون، کونسوڵى کۆمارى میللى چین لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکى زۆرى میوانان، سەنتەرى خزمەتگوزارى کونسوڵگەرى و دابینکردنى ڤیزای کۆمارى چین لە هەولێر کرایەوە.
لیو جیون کونسوڵى گشتی چین لە هەرێم ڕایگەیاند: "لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا، کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر بە فەرمی دامەزرا. لەو کاتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بەهۆی نەبوونی هێزی مرۆیی و نەبوونی مەرجی پێویست لە کونسوڵخانەی گشتی، كونسوڵخانه نەیتوانی خزمەتگوزاری کونسوڵگەری پێشکەش بکات، لەو ماوەیەدا دەمانزانی کاتێک هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەیانهویست داوای ڤیزەی چین بکەن، دەبوو بچنە شوێنەکانی وەک بەغدا یان ئەستەنبوڵ، ئەمەش زۆر کات بەفیڕۆدەر و ماندووبوون و ناڕەحەت بوو بۆیان. هەروەها هاووڵاتییانی چینی لە دەوروبەری كونسوڵخانه بە هیوای ئەوە بوون پاسپۆرت و بەڵگەنامەکانی پێویست لە نزیکەوە نوێ بکەنەوە. ئێمە لە نزیکەوە گرنگیمان بەم بابەتە داوە و کاری زۆرمان بۆی کردووە".
هەروا گوتى:" زۆرجار دەڵێن لە سەرەتادا هەموو شتێک قورسە. دوای دەستپێکردنی هۆڵی خزمەتگوزاری کونسوڵگەری، هێشتا زۆرێک لە ئەرک و پرۆسەکان لە پرۆسەی باشترکردنی بەردەوامدان. لە دڵەوە هیوادارم هەموو لایەک بۆچوون و پێشنیاری بەنرخ لەسەر کاری بەڵگەنامەی کونسوڵگەریمان پێشکەش بکەن. ئێمە بەردەوام دەبین لە باشترکردن و هەوڵدەدەین ئەزموونێکی خزمەتگوزاری باشترتان پێشکەش بکەین".
باڵیۆزی چین له عێراق بهڕێز چوه وهی لە ووتارێکدا رایگەیاند:" لە ساڵی ٢٠١٥دا، چین و عێراق بەڵگەنامەیەکی ههماههنگییان لەسەر دروستکردنی "پشتێن و ڕێگا" بە هاوبەشی واژۆکرد، لهوكاتهوه ههماههنگییه ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا چووەتە ڕێڕەوێکی خێراتر، ههروهها ههماههنگی نێوان هەردوو وڵاتیش بەردەوام قووڵتر و بەرجەستەتر بووه. ههماههنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکی گرنگی ههماههنگی نێوان چین و عێراقە، و ئەو پڕۆژانەی کە سوودە ئابوورییەکان لەگەڵ کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان بهیهكهوه كۆكردۆتهوه، لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانی عێراقهوه ڕەگیان داکوتاوە، زۆرێک لە براندەکانی چینی هاتوونەتە ناو بازاڕی هەرێمەوە، و ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانی ههرێم بۆ گهڕان بهدوای هەلی بازرگانیدا چوونەتە چین، بەپێی داتاكان، تەنها لە شاری ایوو زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیا هەیە کە لەلایەن بازرگانانی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون".
لە کۆبوونەوەکەدا، دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لە ووتەیەکدا وێڕاى پیرۆزبایی و دەستخۆشى رایگەیاند:"ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و چین لە ڕێگەی پێشکەش کردنی ئاسانکاری زیاتر بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان وە دەرخەری پتەوی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولایە".
هەر لە مەڕاسیمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر جەختی لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى چین، بە تایبەتى پەیوەندییە بازرگانى و پشەسازییەکان کردەوە. هەروەها ئومێد خۆشناو گوتیشی:"کردنەوەى سەنتەری ڤیزا لە شارى هەولێر زۆر گرنگە بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کە ئامانج لێى ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان، گەشتیاران و بازرگانان و وەبەرهێنەران، داواکارى ئێمە هەمووکات بۆ وڵاتی چین ئەوە بووە کە هاووڵاتییانمان بۆ وەرگرتنى ڤیزا سەردانى بەغدا یان ئیستەنبوڵ نەکەن، بەڵام ئێستا جێگای دڵخۆشییە کە هاووڵاتییانی هەولێر بەڕێگاى ئۆنڵاین دەتوانن ڤیزاى وڵاتى چین وەربگرن".