Skip to the content

سەفین دزەیی؛ ئێمە پابەندین بە پرەنسیپەکانى دیموکراسى و مافى دەنگدان

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەکە بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پوختەیەکى سەبارەت بە دوایین ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکەش کرد، کە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت.

ناوبراو گوتى؛ تۆمارى ناوەکان تەواو بووە و ڕەوانەى دەستەى دەستپاکى کراوە. لە ڕووى لۆجیستىیەوە ئامادەکاریى تەواومان کردووە و چەند جارێکیش دەرفەتمان بە هاووڵاتییان دا، بۆ ئەوەى ناوى خۆیان تۆمار بکەن، یان ئەوانەى کێشەى پەنجەمۆریان هەیە بۆیان چارەسەر بکەین. بۆ ئەوەى کەس بێبەش نەبێت لە مافى دەنگدان.

نەبەرد عومەر هیواى خواست هەمووان هاوکاربن، بۆ ئەوەى هەڵبژاردن بە شێوەیەکى پاک بەڕێوە بچێت و دەرفەتیش بۆ تەواوى چاودێرانى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانى ڕاگەیاندن هەیە، بۆ ئەوەى چاودێرى و ڕووماڵى هەڵبژاردن بکەن.

سەفین موحسین دزەیی خۆشحاڵیى خۆى بەو پێشکەوتن و ئامادەکارییانە نیشان دا و ئامادەییی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى بۆ هەر هاوکارى و هەماهەنگییەک خستە ڕوو، لەپێناو بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن بە شێوەیەکى شەفاف و بە ئامادەبوونى چاودێرانى نێودەوڵەتى.

دزەیی گوتى؛ پێشوازى لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ سەرخستنى ئەو پرۆسە دیموکراسییە، کە لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى جێگەى بایەخە. ئێمە پابەندین بە پرەنسیپەکانى دیموکراسى و مافى دەنگدان. هیوادارین هەڵبژاردن ڕوون بێت و کەس مافى لە دەنگدان و دەربڕینى ڕاى خۆى نەفەوتێت.

دزەیی وێڕاى دەستخۆشى، هیواى سەرکەوتنى بۆ دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خواست، کە توانیویانە بەوردى کار لەسەر هەموو ئەو لایەنانە بکەن، کە دەبێتە هۆى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێک کە نموونەى دیموکراسى و پاراستنى مافەکانى تاک نیشان دەدات.