سەفین دزەیی پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کرد
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە ئۆکێ لۆتسمە، نوێنەری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق (UNDP) و کێنیدی چیبڤۆنگۆدزێ، بەرپرسی تازەی نووسینگەی هەولێری (UNDP) کرد.
دزەیی وێڕای بەخێرهێنان، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی تازەی UNDP لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. هاوکات ئامادەییی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خستە ڕوو، بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەپێناو سەرخستنی کارەکانیان. هاوکات سوپاس و پێزانینی بۆ بەردەوامی پشتگیریی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە هاریکاریی هاوبەش و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کردەوە.
نوێنەری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ ئاسانکاری و هاوکاریی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە بەردەوامبوونی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و ئامادەییی خۆیان نیشان دا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی زیاتر لە بوارە جیاجیاکان و هەروەها باسی لە پرۆژەکانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کرد بۆ ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان.