سەفین موحسین دزەیی پێشوازی لە بەرپرسی تازەی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی كرد
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٤، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک بەرپرسی تازەی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی، سوزوکی هیرۆشی، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کرد و لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەوه پێشوازى لێ کرا.
بەرپرسی تازەی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی خۆشحاڵيی خۆی نیشان دا، کە لەم قۆناغە لە هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی بەجێ دەگەیەنێت، باسی لە پرۆژە و کار و چالاکیيەکانی ئاژانسی جایکا کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ڕووی گەشەپێدان، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، بنیادنانەوە و باشترکردنی ژێرخانی بنچینەیيی ژیان و بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی حکومڕانی، کە چوار پایەی ستراتیژيی ئاژانسەکەیە لە ناوچە جیاوازەکان.
سەفین موحسین دزەیی وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونی بەرپرسی نوێی ئاژانسەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ خواست. دواتر سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی لەسەر کار و چالاکیيەکانی نوسینگەی جایکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بیروڕایان لەبارهى هاوکاریيەکانی حکومەتی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق لە ڕووی پەرەپێدانەوە لە ڕێگای جایکا ئاڵوگۆڕ کرد، لە بوارەکانی کارەبا، گواستنەوە، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ و کشتوکاڵ.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە خولەکانی ڕاهێنان و هاوکاریيە تەکنیکیيەکان کرا، بۆ وەرگرتنی تەکنیک و شارەزایيی نوێ و سوودوەرگرتن و بەکارهێنانیان لە ناوەخۆدا، بە مەبەستی پەرەپێدان و ژێرخانی کۆمەڵگه.
لە کۆتاییدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیيەکان و بەردەوامی هاوکاریيەکانی ئاژانسی جایکا، بە مەبەستی ئەنجامدانی کار و چالاکی و پرۆژەکانی جایکا و بووژانەوە و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.