Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە کونسولى گشتیى ڕووسیا لە هەرێم کرد

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە ماکسیم ڕۆبن، کونسولى گشتیى ڕووسیای فیدڕال لە هەرێم کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پتەوکردنى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامیی ئاڵوگۆڕى شاند لە نێوان هەردوولادا کرا.

کونسولی گشتیی ڕووسیا خواستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانیان، لەگەڵ هەرێمى کوردستان، ئاماژەی بە ڕابردووى پەیوەندییەکان کرد کە جێگەى شانازیین.

بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانى پرۆسەى سیاسى لە عێراق و پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ کرا.

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پوختەیەکى لەبارەی بارودۆخى ڕابردووی عێراق و ڕەوشی هەنووکەیی پێشکەش کرد. سەبارەت بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کونسولگەریی گشتیی ڕووسیا، دزەیی گوتی "حکومەتى هەرێمى کوردستان پێزانینى هەیە بۆ کارەکانى کونسولگەریى گشتیی ڕووسیا لە هەرێم لە بوارى جیاواز، بەتایبەتى زەمالەی خوێندن، کە ساڵانە بۆ هەرێمى کوردستان دابین دەکرێت".