سەفین دزەیی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کۆبووەوە
![](/media/28166/1.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133662857760000000)
ڕۆژى سێشەممە ٢٣ى تهمموزى ٢٠٢٤, لە دیدارێکى نێوان سەفین موحسین دزەیی, بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، لەگەڵ تۆماس سەیلەر, باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و بەرپرسی ئۆفیسى یەکێتیى ئەوروپا لە هەرێم، باس لە دوایین پێشهاتەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا, بابەتی پەنابەری تاووتوێ کرا و تیشک خرایە سەر گرنگیی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە کاتی شەڕی داعش, کە بۆ یەکەم جار بوو هەرێمی کوردستان ژمارەیەکى زۆر ئاوارە و پەنابەرى لهو شێوهيه لە خۆ بگرێت و تا ڕادەیەکی زۆر باش پێداویستییە سەرەکییەکانى وهك قوتابخانە، شوێنی حەوانەوە, نۆڕینگە و خۆراکيان بۆ دابین بکات. سەبارەت بە گەڕانەوەشیان, هەردوو لا کۆک بوون لهسهر گهڕاندنهوهیان بە سەلامەتی و شکۆوە بۆ زێدەکانیان.
بابەتی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش یەکێک بوو لە تەوەرەکانی تری کۆبوونەوەکە, باڵیۆزى یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەربری و بە پرۆسەیەکی دیموکراسی وەسف کرد, ههروهها سهفين دزهيی ئاماژەى بەوە کرد کە "هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسەتی شەفافانە بووە, هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە، کە یەکەم هەڵبژاردن کرا لە ساڵی ١٩٩٢, هەرێمی کوردستان تا ئێستاش پابەندە بە پرۆسەی هەلبژاردن" و بە پرۆسەیەکی دیموکراسی و گرنگ ناوی برد.
له كۆتايیى كۆبوونهوهكهدا, باڵیۆزى یەکێتیی ئەورووپا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە ئەمە جاری سێیەمە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەنزیکەوە چاوی بە بەرپرسانى هەرێم دەکەوێت.