ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانيی فەرەنسا لە هەولێر بەڕێوە چوو
ئێوارەی ڕۆژى یەکشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و دیپلۆماتکار و نوێنەرى وڵاتانى بیانى لە هەرێم و ژمارەیەکى زۆرى میوانان، ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانی فەرەنسا لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لە سەرەتاى مەراسیمەکەدا برێم یان، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتى: یادکردنەوەی ١٤ی تەممووز بۆ گەلی فەرەنسا، بۆنەیەکی گرنگی یەکترشادبوونەوەیە، سەرەڕای جیاوازیيە سیاسییەکان و دۆخی ئابووری و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان. ١٤ی تەمموز ئاهەنگێکی میللییە بۆ بەرزڕاگرتنی دامەزراندنى کۆمار.
کونسولی گشتیی فەرەنسا ئاماژەی بە سێ دروشمە سەرەکییەکەی شۆڕشی فەرەنسا کرد و ڕایگەیاند: ئەو سێ دەستەواژەیە تا ئێستا بەها و واتایان لەدەست نەداوە، ئەوانە سێ بەهان کە لە دەرەوەی فەرەنساش کۆمان دەکەنەوە و ئێوارەی هاوشێوەمان بۆ دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی لەگەڵ گەلی کوردستانی عێراقی دۆست پێکەوە بین.
برێم یان ئاماژەی بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: قوربانیيانی هێرشەکانی داعش، بە تایبەت ئەو ژمارە زۆرەی "ئێزدییە چەوساوەکان" بەبیردەهێنینەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "لە شەڕی دژی داعشدا، هێزەکانی فەرەنسا و چەندین وڵاتی دیکە، شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەوە."
برێم یان گوتیشی: ئەو دۆستایەتییەی نێوان هەردوو گەلانمان لەو کاتەوەی گەیشتوومەتە هەولێر و دەست بەکار بووم، کە بەر لە هەشت مانگ بوو، بە قووڵی هەستم پێ کردووە. بڕوای تەواوم هەیە کە ئەم دۆستایەتییە داینەمۆیەکی بەهێزە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارێکدا، لە بواری سیاسی، ئەمنی، کولتووری، پەروەردەیی، ئابووری و زانستی.
کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەرێم جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر کردەوە و ڕایگەیاند: لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا - کوردستان ساز دەکرێت، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکانمان، هەروەها پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر پرۆگرامی کار و چالاکییەکانی نوێ دەکاتەوە و لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چالاکی ئەنجام دەدات. هەروەها ئەم ساڵ یادی ١٠٠ ساڵەی لەدایکبوونی دانیێل میتەرانە، کە لە هەولێر یادی دەکەینەوە. هەروەها لەو بوارانەی کە پێویست دەکات، قورسایيی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیمان بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان.
دواتر سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە گوتارێکدا بە ناوى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان، پیرۆزبایی لە گەل و حکومەتى فەرەنسا کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە "هەرێمی کوردستان و فەرەنسا باشترین پەیوەندیی دووقۆڵییان هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بە دەستپێشخەری و هەوڵدانی جەنەڕاڵ بارزانی نەمر."
هەروەها بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا زۆر بەهێزە، هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی فەرەنسا لەبیر ناکات، بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانى داعش، کە فەرەنسا هاوکارییەکی زۆری سەربازيی پێشمەرگەی کرد.
لە کۆتایيی گووتەکەیدا دزەیی جەختی لە پشتیوانيی بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا کردەوە و گوتى: هەرێمی کوردستان و فەرەنسا چەندین بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەشیان پێکەوە هەیە.