بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە هەردوو کونسولی تازە و پێشووی بەریتانیا کرد
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ى حوزهيرانى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە ئاندرو بيزلى، کونسولی گشتيی تازەی بەریتانیا لە هەرێم و جەيمس گولدمان، كونسولى گشتيى پێشووی بەریتانیا و شاندی یاوەریان کرد.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی لە کونسولی گشتيی تازەی بەریتانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست. ئامادەیيی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دهرهوهى بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێم نيشان دا. هاوکات سوپاسی کونسولی گشتيی پێشووی بەریتانیای کرد، کە لە ماوەی کارکردنی لە هەرێم، ڕۆلی هەبوو لە پێشخستنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولان، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێشخستنی زیاتری ئەو پەیوەندییە مێژوويیەی لەنێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا هەیە. بارودۆخی ناوچەکە و ئاستەنگ و قەیرانەکان و پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.