بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێکی ئەمیدست AMIDEAST کرد
![](/media/27509/img_3976.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133626633080000000)
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی حوزەیرانى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە شاندێکی ئەمیدست (AMIDEAST) کرد.
لەم دیدارەدا بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئەمیدست بەوردی بهرنامه و کار و چالاکییەکانی خۆیانی لە هەرێمی کوردستان ڕوون کردەوە. ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵ دەدەن لە زۆر ڕووەوە هاوکاريی خەڵک و قوتابیيانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەر لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و درێژەدان بە خوێندن، تاکوو هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ سەنتەرەکانی پزیشکی و هاوکاریکردنی کەسانی کەمئەندام. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری ئەمیدست ئاماژەی بەوە دا کە پێویستیان بە وەرگرتنی بۆچوونی حکومەتی هەرێمە، بۆ ئەوەی بزانێت لە چ بوارێک دەتوانن هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خۆشحاڵيی خۆی بۆ ئەو دەستپێشخەرییەى ئەمیدست دەربڕی و کۆمەڵێک پێشنیاری پێشکەش کردن، کە ئەمیدست دەتوانێت لەو بوارانە هاوکاری خەڵکی کوردستان بکات، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و کاراسانیکردن بۆ قوتابیيانی هەرێمی کوردستان کە بتوانن لە ئەمهریکا درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن. هەروەها سهفين دزهيى ئاماژەی بەوە دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەر هاوکارییەکە و خۆشحاڵ دەبێت هەماهەنگیی زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت و کاری زیاتر بەیەکەوە بکەن.