سهفين دزهيى پێشوازی لە بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نیودەوڵەتی لە هەولێر کرد
ڕۆژی سێشەممە ١١ى حوزهيرانى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە یۆکۆ فۆجيموره، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نیودەوڵەتی لە هەولێر کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوهکە بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نیودەوڵەتی، ئامانجی سەردانەکەی خستە ڕوو کە پەیوەست بوو بە پێداچوونەوە بە بەرنامەی چەمکی دیاسپۆڕا. لەم بارەیەوە گوتی بە سروشتی کاری ئەم فەرمانگەیەی دەزانین و لە چەندین وڵات ئەو بەرنامەیەمان جێبەجێ کردووە.
هەروهها گوتی: کۆمەڵانی دیاسپۆرا (تاراوگهنشين)، هەمیشە هێزێکی گەورەی نەتەوەیی و کاریگەرن بۆ گەل و نیشتمانەکەیان لە وڵاتانی دووەم، پاشان باسی لە پرۆژەکانی IOM لە بابەتی کۆچ و گەڕانەوەی کۆچبەران کرد.
دواتر سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئامادەیی و پاڵپشتيی خۆی و فەرمانگەی دەربڕی بۆ بابەتی چەمکی دیاسپۆرا، بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگیيەک، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دیاسپۆرا لە هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیکردنی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئاوارە و پەنابەران و گرنگیی ڕۆڵی دیاسپۆرا، دزەیی جەختی لە هەماهەنگیی باشتر و پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەکانی خانەخوێ و کاراسانیی پێویست بۆیان کردەوە، لەپێناو گەڕانەوەیان بە سەلامەتی و شکۆ و ئارەزوومەندانە بۆ زێدەکانیان.