Skip to the content

بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەفین موحسین دزەیی بەشداریی لە ڕێوڕەسمى ڕۆژی نیشتیمانیی ئیتاڵیا کرد

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵاى هەرێمی کوردستان و دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و کارسازان و کۆمپانیاو وەبەرهێنەران و ژمارەیەکی زۆری میوانان، ئێوارەى رۆژى دووشەممە ٣ ی ٦ ی ٢٠٢٤، کونسوڵگەریی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم ئاهەنگێکی پێشوازی بەبۆنەى رۆژى نیشتیمانىی وڵاتەکەیان
لە هەولێر ڕێکخست.

لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، میکێلی کامیرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا، وێڕاى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە ئەم یادە جارێکى تر لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە؛ جەختى لە بایەخى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئیتاڵیا لە بوارە جیاجیاکان کردەوە.

کۆنسوڵی ئیتاڵیا ئاماژەی بە کردنەوەی کۆرسی 'کوزین' بۆ 30 هاونیشتمانی کرد، تێیدا فێرخوازان فێری ئامادەکردنی خواردنی ئیتاڵی دەکرێن، لە نێویاندا پیتزا، پاستا و شیرنەمەنی. لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پەروەردەیی، کۆنسوڵی ئیتاڵیا ستایشی ئەو کۆرسی زمانەی کرد کە تێیدا فێرخوازان فێری زمانی ئیتاڵی دەکرێن.

دواتر مەوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە وتارێکدا گوتى: دەمەوێت لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی بەڕێزتان بکەم بۆ ئامادەبوونتان لەگەڵمان. هەروەک میکێلێ گوتی: ئامادەبوونتان جەخت لە پەیوەندیی نزیکی دۆستانەی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

دەمەوێت سوپاسی میکێلێ و هەموو ستافی کونسوڵگەری بکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنە بەرچاوە. وە سوپاس بۆ هەموو ئەو پشتگیرییانەی کە لە ماوەی سەردانیکردنم بۆ هەرێم پێشکەشم کراوە و کارە هاوبەشەکان کە لە ماوەی چەندین ساڵ بەدەستمان هێناون.

بیرم ناکەوێتەوە کە چەند جار سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە لە ماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەی دوایی. لەگەڵ میکێلێ سەردانی زۆر شوێنی جوان و سەرنجڕاکێشمان کردووە و سەرسامی سروشتە جوانەکەی کوردستان و مێژووە مەزن و پاشماوە کلتوورییەکانیم.

سەبارەت بە بارودۆخى هەنووکەیی عێراق، بالیۆزى ئیتاڵیا لە عێراق گوتى: لەسەر ئاستی سیاسی دەمەوێت ستایشی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و کوردستان بکەم بۆ پاڵپشتیکردنی دیالۆگێکی زۆر ئەرێنی بە ئامانجی زیادکردنی لێکتتێگەیشتن و دۆزینەوەی باشترین ڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە هاوبەشەکان. هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەم بوارەدا زۆر گرنگە و دڵنیام بەم زووانە دەکرێت. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەغدا و هەولێر، هەردووکیان پابەندن بە باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دراوسێکانیان، هەوڵدەدەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.

هەروا گوتى: دڵنیابن ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە بەرکەوتە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی لە هەردوو ئەرکە دوولایەنە و فرەلایەنەکان لە عێراق. پەیوەست بەوەشەوە دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ساڵی ڕابردوو بە فەرمی چووینە پاڵ گرووپی ڕاوێژکاری فرەنیشتیمانی MNAG. وە بنیاتنان لەسەر ئەزموونی چەندین ساڵەی درێژ بۆ مەشقکردن و ڕاهێنان و پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە ئازاکان.

دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "خۆشحاڵم بە ناوی گەل و حکومەتی هەرێم و سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە گەل و حکومەت و باڵیۆزخانە و کونسوڵگەریی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم بکەم، بەبۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیی وڵاتەکەیان لە هەرێم".

گوتیشی: "سوپاسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە لە کاتە سەختەکان پشتگیرییان کردین و هاوکاریی پێشمەرگەیان کرد، ئیتاڵیاش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی تیمی ڕاوێژکاریی سەربازی نارد بۆ هاوکاریی پێشمەگە دژی تیرۆریستانی داعش".

گوتیشی: "وەک هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانینە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا. بەهیواین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان ببینن لە سەرخستنی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.