Skip to the content

بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی بەلەمی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکرێت

بە داخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی نقوومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بڵاوبووەوە.
لەنێو بەلەمەکە ژمارەیەک هاووڵاتی هەرێمی کوردستان هەبوونە، کە تا ئێستا ژمارەیەکیان ڕزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان دیار نییە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان لە حکومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لە پەیوەندیدایە، وێڕای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانییانی ئەنجام بدات.

جێگەی باسە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ئەم ڕووداوە، پەیوەندییان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد و داوای هاوکاری و بەدواداچوونیان کرد.

ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە هانای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بچین، لە هەر کوێیەکی دونیا بن. دووبارە هاوخەمیی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دووپات دەکەینەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان