بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ى حوزهيرانى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، پێشوازی لە کاثی ڕونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە بەغدا کرد.
سەرەتا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە کرد، بەتایبەتی دۆخی ئێستای عێراق و وڵاتانی ناوچەکە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ناوبراو ئاماژەی بە پرسە گرنگەکانی وەک بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کرد. ڕایگەیاند کە: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە بودجە و مووچەی فەرمانبەران.
سەبارەت بە هاوکاریکردنی کەنەدا، باڵیۆزی کەنەدا ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی ئەم پرسانەی سەرەوە دەربڕی و ئاماژەی بەوەش کرد "کەنەدا لە باشووری عێراق، کار لەسەر سێ پرۆژە دەکات بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی ئاو لە وڵاتەکە."
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەفین موحسین دزەیی، ئاماژەی بەوە دا کە چەند کێشەیەک هەن دەبێت چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی پرسی کەمەنەتەوەکان، کە دەبێت نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت و ژمارەیەک کەمەنەتەوە بێبەش کراون.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکەدا، باڵيۆزی کەنەدا جەختی لە پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە و ئامادەييی وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک نیشان دا، بەتایبەتی پتەوترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی، بازرگانی و پەروەردەييهكان.