بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزی ڤەنزوێلا لە عێراق کۆبووەوە
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە ئارتۆرۆ ئەنیباڵ گالیگۆس ڕامیرێز، باڵیۆزی ڤەنزوێلا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکە هەردوولا گەشبینيی خۆیان بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکاری و هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەنديی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ناوەندە ئەکادیمییەکان دووپات کردەوە.
گفتوگۆکان بریتی بوون لە ڕەخساندنی هەلی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڤەنزوێلا و دامەزراندنی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری، هاوکاريی پەروەردەیی، کردنەوەی ناوەندی دیپلۆماسيی ڤەنزوێلا لە هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش پلانەکان تاووتوێ کران بۆ ئاسانکاريی پرۆسەی پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتیيانی هەرێمی کوردستان.