Skip to the content

تیمى نەتەوە یەکگرتووەکان بووه‌ براوه‌ى پاڵه‌وانييه‌تى تۆپی پێی دیپلۆماسی

ڕۆژی شەممە ٨ى حوزه‌يرانى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و ژمارەيه‌کی زۆری دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و میوانان و هاندەران، پاڵەوانييه‌تیی تۆپی پێی دیپلۆماسی، کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سازی کردبوو، بە بردنەوەی تیپی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەسەر تیپی کونسولگەريی گشتيی ئوردن کۆتایی هات.

دزەیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پیرۆزبایی لە هەموو تیپە بەشداربووەکان کرد، هاوکات سوپاس و دەستخۆشی لە تەواوی بەشداربووان، ڕێکخەران، سپۆنسەر، میدیاکان و کارمەندانی ئاسایش کرد، لە بەرانبەر کاری سەخت و ماندووبوونیان.

ڕۆژی ١٥ى ئايارى ٢٠٢٤، لەژێر چاودێريی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتيی ڕاستەوخۆی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پالەوانیيەتيی تۆپی پێی بچووککراوە بۆ دیپلۆماسی، بۆ نوێنەرایەتيی ٢٦ ی وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.

ڕۆژانە یاریيەکانی لە یاریگه‌ی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیيەکانی زانکۆی سەلاحەددین و بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکار و کونسولی گشتيی وڵاتان و ستافی کونسولگەریيەکان و ڕاگەیاندنکاران، یاریيەکان بەڕێوە دەچوون.

پاڵەوانيه‌تييه‌كه‌ لە ڕووی کارگێڕی و ڕێکخستنەوە، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەچوو، هەموو ئایینە جیاوازەکان و بیروڕای سیاسيی جیاواز و دەنگوڕەنگی جیاواز، پێکەوە ڕۆژانە بە گیانێکی وەرزشی و لێبوردەییەوە، یاریيان دەکرد و ئەنجامەکانی یاریيەكان بەوپەڕی هێمنی و نەرمونیانیيەوە قەبووڵ دەکران پیرۆزبایی لە تیپی براوە دەکرا. هه‌روه‌ها دکتۆری وەرزشی و ئاسایش و پۆلیس و ئوتومبێلی ئاگرکوژێنەوە و ئوتومبێلی فریاکەوتن ئامادە ده‌بوون.