لە پەرلەمانی فەرەنسا یادی نەورۆز بەرز ڕاگیرا
ڕۆژی 26ـی ئاداری 2024، لە پەرلەمانی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، و وەدیع ئەلبەتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا و بەرپرسانی فەرەنسی، یادی جەژنی نەورۆز کرایەوە.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کەوا نەورۆز یەکێک لەو ڕۆژانەیە خەڵکی کوردستان زۆر بایەخی پێ دەدەن، هەروەها بۆ خەڵکی کوردستان زۆر مانادارە و ڕۆژی تازەیە و دژی چەوساندنەوەیە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارە لە وڵاتانی دیکەش هاوشێوەی فەرەنسا، یادە خۆشەکانی کوردستان بکرێتەوە نەک بە تەنیا یادە ناخۆشەکانی.
سەفین دزەیی، لەبارەی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند: نائومێد نین لەوەی کە کێشەکان چارەسەر نەکرێن. گوتیشی؛ ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت کێشەکان بە زووترین کات چارە دەکرێن.