سەفین دزەیی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم و ژمارەیەک ڕێکخراوی ئیتاڵیایی کۆبووەوە
ڕۆژی دووشەممە ١٨ــی ئاداری ٢٠٢٤، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ میکێلی کامێرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا و بەرپرسی نووسینگەی عەممانی ئاژانسی ئیتاڵیایی بۆ گەشەپێدان و هاوکاری و ژمارەیەک ڕێکخراوی ئیتاڵی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەفین دزەیی سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا و ڕێکخراوەکانی ئیتاڵیای کرد بۆ ئەو یارمەتی و هاوکارییە مرۆییانەی کە بۆ ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابینی دەکەن. هیوای خواست ئەم هاوکاری و هەماهەنگییانە لە داهاتووش بەردەوامییان هەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا تیشکی خستە سەر پرۆژە بەردەوامەکان لە هەرێمی کوردستان، و هەروەها چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئیدارییانەی کە ڕووبەڕووی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبنەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان، داوای کرد هاوکاری و هەماهەنگی و ئاسانکاریی زیاتر بکرێت بە مەبەستی ڕاییکردنی کارەکانیان.
لەلایەن خۆشییەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئامادەییی فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی خستە ڕوو، بۆ هەموو هاوکاری و کاراسانییەک لەپێناو جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان و سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێم.