سەفین دزەیى پێشوازى لە باڵیۆزى فیلیپین لە عێراق کرد
ڕۆژی چوارشەممە 13ى ئادارى 2024، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حكومهتى ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە چارلى باکانیا مانانجان، باڵیۆزى کۆمارى فیلیپین لە عێراق، و فەلاح ئەنوەر کونسوڵى فەخرى فیلیپین لە هەرێمى كوردستان كرد.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا بەرپرسى فەرمانگە خۆشحاڵيى خۆى بە سەردانى باڵیۆز دەربڕى، و بە بۆنەى دەستبەکاربوونى وەک باڵیۆزى فیلیپین لە عێراق پیرۆزبایی لێ کرد، و ڕایگەیاند کە بۆ سەرخستنى کارەکانى، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و حکومەتى هەرێم پاڵپشت و هاوکارى باڵیۆزخانە دەبن بۆ ڕاپەراندن و هەماهەنگيکردن، چونکە ژمارەیەکى بەرچاو لە هاووڵاتیيانى وڵاتى فیلیپین لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن.
هەروەها سهفين دزهيى پوختەیەکى لەبارەى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و سیاسەتى حکومەتى هەرێم لەسەر بارودۆخە هەنووکەییەکان بۆ شاندى میوان ڕوون کردەوە.
لاى خۆيهوه باڵیۆزى فيليپين خۆشحاڵيى خۆى بە سەردانهكه بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى و ڕایگەیاند بۆ یەکەم جارە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەرکى دیپلۆماسی دەگرێتە ئەستۆ و هیواى خواست بتوانێت پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتى فیلیپین و عێراق و هەرێمى کوردستان بەرەو پێشتر ببات، بەتایبەت لە بوارى وەبەرهێنان و ئالوگۆڕى شاندەکان لە بوارە جیاوازەکان.
هەروەها ناوبراو سوپاسی حکومەتى هەرێمى كوردستانى کرد لە هەوڵەکانى بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنى چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە فیلیپینیەى کە لە هێرشە مووشەکیيەکانى ئێران بۆ سەر هەولێر گیانى لەدەست دابوو.