سەفین دزەیی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كرد
بە مەبەستی بەشداربوون لە کردنەوەی کونسوڵگەری گشتیی قەتەر لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەند دیدار و کۆبوونەوەیەک، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٤، ئەحمەد بن حەسەن ئەلحەمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، گەیشتە هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.
سەفین دزەیی، خۆشحاڵیی خۆی بە هاتنی شاندی وڵاتی قەتەر نیشان دا، و هیوای خواست ئەو هەنگاوە سەرەتایەک بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی قەتەر لە سەرجەم ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولان.