سهفين دزهيى: حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەى ئاوارهكان دەکات
ڕۆژى سێشەممە، ١٤ــی ئایاری ٢٠٢٤، سەفین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە سەرهەنگ حمەسەعید، بەرپرسی پەیمانگەی ئاشتيی ئەمهریکا (USIP) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارهى کاری زیاتری پێکەوەیی، لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پەیمانگەی ناوبراو کرا. هاوکات باس لە بایەخی کردنەوەی وۆرک شۆپ و خولەکانی ڕاهێنان لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری و دادوهرهكان کرا.
پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و کاريگەرییەکانى لەسەر تەواوی عێراق، کۆچ بەرەو ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی ناوخۆ و ئارامی و سەقامگیری و گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتگیری لە گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانە دەکات و لەگەڵ ئەوەیە کە ئارامی و ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەی هاووڵاتیيانی لێ دەربەدەر بوون، دابین بکرێت."
هەروها گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هەموو هاوکاری و پشتگیری و هەماهەنگییەک پێشکەش بە پەیمانگەی ناوبراو دەکات، لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان لە هەرێمی کوردستان.