سهفين دزهيى: پشتگیريى هەر هەوڵێک دەکەین کە ببێتە مایەى گەشەپێدان و بووژانەوەى هەرێمى كوردستان
ڕۆژى یەکشەممە ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٤، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەت، پێشوازى لە فوئاد خازر ئەلمەجالى، کونسولی گشتيى شانشینی ئوردنی هاشمی لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە دووقۆڵیيەکانى هەرێمى کوردستان و شانشینی ئوردنی هاشمی و هەوڵەکانى فراوانکردنى ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکان، هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوایین دیداری نێوان خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن گۆڕيیەوە، کە هەفتەى ڕابردوو لە هەرێمى کوردستان بەڕێوە چوو.
کونسولى گشتيى ئوردن خۆشحاڵيى خۆى بە سەرخستنى ئەم دیدارە دەربڕى و سوپاسى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ستافى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد، بۆ هاوکارى و سەرخستنى دیدارەکە، کە نزیکەى ٤٥ ئەکادیميى ئوردن لە زانکۆکان و وەزارەت بەشداریيان تێدا کردبوو.
كونسولى گشتيى ئوردن سوپاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستانى کرد، کە بەشداریيان لەم دیدارەدا کرد و پێشوازیيان لە شاندى زانکۆکانى ئوردن کرد. ناوبراو باسى لە بەرنامە و پلانى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان کرد و گوتى: دواى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانمان، لە بوارەکانى تەندروستى و خوێندنى باڵا، ئێستا کار بۆ دروستکردنى پەیوەنديى پتەو لە بوارى کشتوکاڵ و سامانى ئاژەڵى دهكهين. هاوکات لە خۆئامادەکردن داین بۆ ئەنجامدانى کۆڕبەندێکى فراوانى ئابوورى بۆ پیاوانى کار و وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانى ئوردن و هەرێمى کوردستان.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى کونسولى گشتيى وڵاتى ئوردن و ستافى کونسولگەرى کرد، بۆ هەوڵ و کۆششیان لەپێناو پێشخستنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا، لەو بوارانەى جێگەى بایەخن.
سهفين دزهيى گوتى: پشتگیريى هەر هەوڵێک دەکەین، کە ببێتە مایەى گەشەپێدان و بووژانەوەى هەرێم و سوود و بەرژەوەنديى هەرێمى کوردستان و ئوردن. ههروهها جەختى لە بایەخى پێشخستنى کەرتى پەروەردە و زانکۆکان و کشتوکاڵ و پیشەسازيى خۆراک کردەوە.