سەفین دزەیی لەگەڵ شاندێکی ژوورى بازرگانیى ئەمەریکا کۆبووەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ــی ئایاری ٢٠٢٤، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازی لە دۆرى ئەبو زەید، سەرۆکى ژوورى بازرگانیی ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى ژوورى بازرگانیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان گوتی "ئێمە بە گرنگییەوە دەڕوانینە بەهێزکردنى پەیوەندیى هەرێمى کوردستان بە کۆمپانیا و بازرگانانى ئەمەریکا، بۆ ئەم مەبەستە پێویستیمان بە پشتیوانییە بۆ کارەکانمان لە هەرێمى کوردستان."
لەم بارەیەوە گوتی ئێمە پشتیوانییەکى گەورەى کۆمپانیا بچووک و گەورەکان دەکەین و هانیان دەدەین بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمى کوردستان کار بکەن.
سەفین دزەیی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدارە دەربڕی و گوتی: سەقامگیریى سیاسی و ئاسایش گرنگییەکى زۆرى هەیە بۆ بوارى وەبەرهێنان و کارى بازرگانى، هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى سەقامگیرە لە ڕووى ئاسایش، ئەمەش دەرفەتێکى لەبار و گونجاو دەهێنێتە کایەوە کە تێیدا وەبەرهێنەران و بازرگانانى ئەمەریکایی بتوانن کار بکەن. هەروەها هیوای خواست هانى کۆمپانیا بچووک و گەورەکانى ئەمەریکا بدرێت تاکوو کارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان بکەن.
هەروەها دزەیی گوتی "لەم سەردانەى دواییمان بۆ ئەمەریکا، بەرپرسانى ئەو وڵاتە و خودى سەرۆک بایدن ڕایگەیاند کە هەرێمى کوردستان گرنگیى زۆرى بۆ ئەمەریکا هەیە، وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو ئاسانکارییەکین بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.