Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئۆپه‌راسیۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییەكانی ڕێكخراوی ده‌ستپێشخه‌ریی پزیشكیی نه‌رویجی کرد

ڕۆژی دووشەممە ١٣ـی ئایاری ٢٠٢٤، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی له‌ گایه‌ر فیه‌لد، سه‌رۆكی ئۆپراسیۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییەكانی ڕێكخراوی ده‌ستپێشخه‌ریی پزیشكیی نه‌رویجی (Medical Aid Initiative Norway) کرد.

سەرەتا باس لە ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران. بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هەردوولا و بارودۆخی مرۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.

سه‌رۆكی ئۆپراسیۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییەكانی ڕێكخراوی ده‌ستپێشخه‌ریی پزیشكیی نه‌رویجی، دڵنیایی لە بەردەوامی بۆ ناردنی هاوكارییە مرۆییەکان دا، بەتایبەتی هاوکاریی پزیشكی بۆ هه‌رێمی كوردستان و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی كرد بۆ پێشکەشکردنی ئاسانكاری و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سەفین دزەیی هاوكارییه‌كانی ڕێكخراوی ناوبراوی بەرز نرخاند، كه‌‌ لەگەڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، کار و پرۆژەی هاوبەش لە بواری هاوكاریی‌ مرۆیی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.