بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێکى كۆمەڵەی "دۆستایەتيی كوردستان – ئەردەن"ى كرد
ڕۆژی یەکشەممە ١٧ى تشرينى دووهمى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە مەیادە ئەلسعوب، سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتيی كوردستان – ئەردەن و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەى کارگێڕيى كۆمەڵەكە كرد.
لە کۆبوونەوەکە شاندى میوان پوختەیەکیان لەسەر کار و چالاکییەکان و هەوڵەکانیان لەپێناو نزیککردنەوەی هەردوو گەلى دۆست لە ڕێگەی چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیری و کولتووریەکان پێشکەش کرد.
سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتيی كوردستان – ئەردەن باسى لە بایەخى ئەنجامدانى کۆڕبەندێک کرد سەبارەت بە بانک و شێوازەکانى کارگێڕيى بانک بەگوێرەى ستانداردى نێودەوڵەتيى هاندانى بانکەکانى ئەردەن بۆ ئەنجامدانى کارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان.
بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە وێڕای دەستخۆشی، سوپاسى هەوڵەکانى کۆمەڵەى دۆستایەتيى کوردستان - ئەردەنى کرد و هیواى سەرکەوتنى لە کار و پرۆژەکاندا بۆ خواستن. هاوکات ئامادەیيی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دهرهوهى نیشان دا بۆ سەرخستنى کارەکانیان.