بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە شاندێکى دەزگهى ئاشتيى نێودەوڵەتى کرد
ڕۆژی پێنجشەممە ٧ى تشرينى دووهمى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە شاندێکى دەزگهى ئاشتيى نێودەوڵەتى کرد بە سەرۆکایەتيى دەیڤد میخۆ، سەرۆکى دەزگهكه لە هەرێمى کوردستان و خاتوو فلۆرین گۆرگیس، سەرۆکی فەرمانگەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایينییەکان لە سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکە سەرۆکى دەزگهى ئاشتيى نێودەوڵەتى پیرۆزبایيی سەرکەوتنى پرۆسەى هەڵبژاردنى لە گەلى کوردستان کرد و ستایشى ڕۆلى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، لە ڕێزگرتن لە تەواوى پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان و پتەوکردنى گیانى تەبایی و پێکەوەژیان لە کۆمەڵگهدا.
ناوبراو ڕۆڵى پێشمەرگەى کوردستانى لە داکۆکيکردن لە مافەکانى گەلى کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەى گەورەترین گرووپى تیرۆریستى و قوربانیدانى زۆر لەپێناو پاراستنى هەرێمى کوردستان و چەسپاندنى ئاشتى و سەقامگیرى بەرز نرخاند.
بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى دەزگهى ئاشتيى نێودەوڵەتى کرد و گوتى: سوپاس بۆ بەهەندهەڵگرتنى ئەو بابەتانەى پەیوەستن بە قارەمانییەتى و قوربانییەکانى پێشمەرگە و هەوڵەکان بۆ پتەوکردنى گیانى تەبایی و پێکەوەژیانى ئاشتیيانە لە نێوان پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان.
سهفين دزهيى پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان و هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و بارودۆخى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کردستان پێشکەش کرد. هاوکات ئامادەیيی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى بۆ هەر هاوکارى و هەمانگییەک لەپێناو سەرخستنى پرۆگرام و چالاکییەکان لە هەرێمى کوردستان نیشان دا.