بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازی لە کونسولى گشتیى چین لە هەرێم کرد
ڕۆژی سێشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیى، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازی لە لیو جیون، کونسولى گشتیى کۆمارى چینى میللى لە هەرێم کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگى و کارى پێکەوەیى کرا لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا، هاوکات چۆنییەتى پتەوترکردنى پەیوەندى و هەنگاونان بۆ قۆناغى داهاتوو باسی لێوە کرا.
هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئاڵوگۆڕى شاندى بازرگانى لە نێوان هەردوولا و پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکان لە بوارى بازرگانى، ئابوورى، کۆمەڵایەتى، وەبەرهێنان و پشتێنەى ڕێگا.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خۆشحاڵیی خۆی بە ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا نیشان دا و سوپاسی دامەزراوە فەرمییەکانی کۆماری چین و کونسولگەریی گشتیی چینی لە هەرێم کرد، بۆ کردنەوەی خولی پەرەپێدان و ڕاهێنان بۆ کارمەندانی حکومەتی هەرێم و کارکردن بۆ کردنەوەی پارکێکی نموونەیی لە هەولێر.